به‌ڕێز به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی سلێمانی له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیه‌دا که بۆ ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن سه‌باره‌ت به ئه‌نفله‌ونزای به‌راز ئه‌نجامیدا، ڕووی ئاشکرا به‌ڵام نه‌ناسراوی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به گشتی و فه‌رمانگه ته‌ندروستێکان به تایبه‌تی پیشان دا. جێگای ده‌ستخۆشی و مایه‌ی خۆشحاڵیه که به‌رپرسه ته‌ندروستێکانی ئه‌م هه‌رێمه له ڕادیو و ته‌له‌فیزیون و ڕۆژنامه‌کاندا ده‌رکه‌ون و هاوڵاتیان له پێشهاته ته‌ندروستیه مه‌ترسیداره‌کان ئاگاداربکه‌نه‌وه و ئامۆژگاری پێویست له‌و ڕووه‌وه پێشکه‌ش بکه‌ن. ئه‌م هه‌نگاوه له هه‌موو کاتێک زیاتر پێویسته به له به‌رچاوگرتنی مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای ئه‌نفله‌ونزا له‌م وه‌رزه‌ی به‌فر و باران و حه‌ج و چه‌ژن و کرانه‌وه‌ی ده‌رگاکانی قوتابخانه‌کان. ئه‌و هه‌موو بۆنه و ڕووداوانه، فاکته‌ری ڕێخۆشکه‌رن بۆ بڵاوبوونه‌وه و ته‌شه‌نه کردنی نه‌خۆشێه‌که.
تا ئه‌و ساته‌ی که به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێز باسی له جیگا و ڕێگاکانی خۆپاراستن له لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه ئه‌کرد زۆر به باشی ئه‌و کاره‌ی ئه‌نجامدا. به‌ڵام هه‌رکه ده‌ستی به قسان کرد له سه‌ر ڕێوشوێنه‌کانی ده‌ستنیشانکردنی په‌تاکه‌و و میکانه‌زمه‌کانی پاراستن و چاره‌سه‌ر، ئه‌وا دکتۆری به‌ڕێز ئیسپاتی کرد که زۆر له به دواداچوونی پێشهات و گۆڕانکاریه ته‌ندروستێکانی جیهان دواکه‌وتووه و پێویسته تۆزێک کات ته‌رخان کات بۆ به‌لانی که‌مه‌وه چاوخشاندنێک به پێگه ئیلکترۆنیه ناسراوه‌کانی ئه‌م بواره به تایبه‌تی پێگه‌ی ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی که به WHO ناسراوه.
جه‌نابی د. ڕێکه‌وت له وه‌ڵامی پرسیارێک ده‌رباره‌ی هه‌بوونی ڤاکسین دژی ئه‌نفله‌ونزای به‌راز له کوردستاندا، زۆر به سیقه‌وه ئه‌ڵێت تا ئێستا ئه‌م ڤاکسینه له لایه‌ن WHO ه‌وه هاتکۆ ئێستا بڵاونه‌کراوه‌ته‌وه و هیچ وڵاتێک به کاری نه‌هێناوه. ئه‌مه جگه له چه‌واشه‌کاری و عوزر هێنانه‌وه بۆ شکسته‌کانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و فه‌رمه‌نگاکانی ناتوانین ناوی هیچ شتێکی تری لێبنێن. ئاخر کاک دکتۆر ئه‌گه‌ر جه‌نبتان ته‌نها بزانن ئه‌نته‌رنێت به‌کاربهێن و بۆ ته‌نها جارێکێش له‌م چوار پێنج مانگه‌ی پێشوودا سه‌ردانی پێگه‌ی ئیلیکترۆنی WHO تان بکردایه، ئه‌وه‌نده به سیقه‌وه قسه‌تان نه‌ئه‌کرد و لێدوانه‌کانتان واقعی تر و ڕوونتر ئه‌بوون.
پێم وایه ئه‌گه‌ر WHO ئاگاداری قسه‌کانی جه‌نابی د. ڕێکه‌وت بێت ئه‌وا ئه‌مه‌ی دوای ڕه‌نگه خۆی تووشی به دوادووچوونی یاسایی بکات. چونکه ئه‌م دکتۆره به‌ڕێزه به ناوی ده‌زگایه‌که‌وه قسه‌ئه‌کات که به‌رپرسیارێتی ڕه‌سمی هه‌یه و ناکرێت له خۆڕا قسان بکات. بۆ زانیاری جه‌نابی به‌ڕێوه‌به‌رو وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ڕێز، WHO چه‌ند مانگێکه ڕۆژانه زانیاری له سه‌ر په‌تاکه به گشتی و ڤاکسین به تایبه‌تی بڵاوئه‌کاته‌وه. بۆ نموونه له یه‌کێک له بڵاوکراوه‌کانیدا ئه‌م ڕێکخراوه پێشبینی ئه‌وه ئه‌کات که 3 ملیار ڤاکسینی H1N1 که بۆ خۆپاراستن له په‌تاکه باکارئه‌هێنرێت دروست بکرێت. ئه‌گه‌ر ئه‌م زانیاریه بچووکه به لایه‌ی دکتۆره‌وه جێگای بایه‌خ نیه‌و و هێشتا پێوایه ناکرێت کوردستان ڤاکسینی هه‌بێت ئه‌وا پێویسته بیرێک له ئیشێکی تر بکاته‌وه بۆ از له فه‌رمانگه‌کی بهێنێت، چونکه به‌ڕاستی پێئه‌چێت ئه‌وه‌نه سه‌رقاڵی نه‌شته‌رگه‌ری بێت ئاگای له دنیای ته‌ندروستی کۆمه‌ڵ نه‌مابێت.
له لایه‌کی تره‌وه، نه‌ک ته‌نها ڤاکسین هه‌یه و دکتۆر وه‌ته‌نی "پروڤ" کراوه، واتا تاقی کراوه‌ته‌وه و دڵنیابوون له‌وه‌ی که کاریگه‌ری هه‌یه، به‌ڵکو ڕێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی له ماوه‌ی ڕابووردوودا توانی 200 ملیون ڤاکسین بۆ 93 وڵاتی که‌م درامه‌تی جیهان بکات. ئه‌و وڵاتانه‌ی که توانیان له ماوه‌یه‌کی که‌م و ڕێژه‌یه‌کی زۆری ڤاکسینه‌که دروست بکه‌ن، وه‌کو ئه‌مریکا و سویسرا، ڕێژه‌یه‌ک له به‌شی خۆیان به‌خشی به وڵاته که‌م درامه‌ته‌کان. هه‌رچه‌نده وڵاته‌کی ئێمه که‌م درامه‌ت نیه و ئه‌توانی ڤاکسین و ده‌رمان بکڕێت، به‌ڵام دیسان تکا له به‌ڕێز به‌ڕێه‌وه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌که‌ین که زه‌حمه‌ت بکێشێت و په‌یوه‌ندی به WHO بکات تا ئه‌گه‌ر ئه‌کرێت تۆزێک به‌شی ئێمه‌ش بده‌ن.
کاک دکتۆر ڕێکه‌وت، به ڕێکه‌وت یا به ئه‌نقه‌ست، به هه‌ندێک وشه و زاراوه‌ی ئینگلیزیه‌وه که زۆر جار پزیشکه‌کان بۆ سه‌رلێشه‌واندنی نه‌خۆشه‌کانیان و ڕاکردن له به‌رپرسیارێتی به‌کاریئه‌هێنن، ئه‌که‌وێته ته‌مومژاوی کردنی پرسیارێکی ڕوون و ئاشکرا سه‌باره‌ت به چۆنێتی ده‌ستنیشانکردنی نه‌خۆشێکه. پێم وانیه پێویست بکات وه‌ڵامێکی دوورودرێژ هه‌بێت بۆ پرسیاری؛ ئایا ده‌زگای تایبه‌تان هه‌یه بۆ ده‌ستنیشانکردنی په‌تاکه؟ جه‌نابی دکتۆر له وه‌ڵامدا خۆی و بیسه‌ر ئه‌خاته ناو گێژاوی چه‌ند ڕسته‌یه‌کی بارگاوی به ده‌سته‌واژه‌ی ته‌کنیکی و نا پێویست که به کورتی مانای ئه‌وه ئه‌ده‌ن به ده‌سته‌وه که نه‌خێر ناتوانین ده‌ستنیشانی په‌تاکه بکه‌ین. ئاخیر نازانین ئه‌گه‌ر نه‌توانین ده‌ستنیشانی نه‌خۆشیه‌ک بکه‌یی به علمی جن ئه‌زانیت چه‌ند نه‌خۆشت هه‌یه که تووشی ئه‌و ئه‌نفله‌ونزایه بوون؟ دیاره ئه‌و تۆزه زانیاریه‌ی که وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی سلیمانی هه‌یانه له سه‌ر ژماره‌ی تووشبووان ئه‌ویش له ده‌ره‌وه هاتووه. کاک دکتۆر پێمان ئه‌ڵێت جگه له‌و چه‌ند یاریزانه‌ی باسکه که له ئه‌مریکا بوون و هاوڵاتیه‌کی بیانی تر، که‌س نیه له کوردستان تووش بووبێت. پێم وایه ئه‌گه‌ر ئه‌و یاریزانه به‌ڕێزانه له عه‌مانی ئوردن تاقیکردنه‌وه‌یان بۆ نه‌کرایه، ئه‌وا ئه‌وانیش ئه‌چوونه پاڵ ئه‌و هه‌موو که‌سه‌ی که به دڵنیاوه له کوردستان تووش بوون و پێیان نازانین. باشه تێناگه‌م چۆن و به چی میکانزمێکی زانستی یا کۆمه‌ڵایه‌یتی یاخود سیاسی، ئه‌م په‌تایه له هه‌رچوارده‌وره‌ی کوردستان بڵاوببێته‌وه و ته‌نها ئه‌م وڵاته باراناوی و به‌فراوی و پڕ ماچ و مووچه‌ی خۆمان توانیبێتی خۆی بپارێزی. پێم وانیه، ئه‌و ده‌مانچانه‌ی که ئاراسته‌ی ده‌موچاوه‌تی ئه‌که‌نه‌وه هه‌ر که له فڕۆکه داده‌بزیت خۆیان وه‌ته‌نی بۆ ئه‌وه‌یه بزانن پله‌ی گه‌رمیت چه‌نده، توانیبێتی به قوده‌ره‌تی قادر ڤایرۆسه‌که له ناوببات.
Monday, November 23, 2009
Subscribe to:
Post Comments (Atom)
No comments:
Post a Comment