زۆر و که‌م/ باش و خراپ
د.گۆران عبدالله*
به‌ڕێز دکتۆر تاهیر هه‌ورامی، وه‌زیری ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چاوپێکه‌وتنێکی له گه‌ڵ رۆژنامه‌ی ئاوێنه له ژماره 202ی رۆژی 15/12/2009ئه‌نجامداوه، که مایه‌ی تێڕامان و ڕاوستانه و پێویست به به‌دواداچوون و هه‌ڵسه‌نگاندن ئه‌کات. سه‌ره‌تا ده‌ستخۆشی له وه‌زیری به‌ڕێز ئه‌که‌ین بۆ ئاماده‌بوونیان بۆ قسه‌کردن له سه‌ر کایه‌کی ژیاری و گرنگی وه‌ک ته‌ندروستی له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا. هیوادارین ئه‌مه یه‌که‌م و دوا کرانه‌وه‌یان نه‌بێت بۆ ڕۆژنامه‌گه‌ری ئازاد و نموونه‌ی ئه‌و جۆره چاوپێکه‌وتنانه هه‌ر زۆر بێت.
دیاره پێویست به‌وه ناکات بیری وه‌زیری به‌ڕێزبهێنینه‌وه که ژماره و داتا بنه‌مای هه‌ر زانستێکه. چونکه دواجار "ماتماتیک دایکی زانسته‌کانه". به‌ڵام ئه‌وه‌ی له چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی جه‌نابی وه‌زیر هه‌ستی پێ ئه‌کرێت ئه‌وه‌یه که پێئه‌چێت بۆ ساتێک بنه‌ما زانستێکانی خۆیان له بیرکردبێت وه‌ک پزیشکێک و زانایه‌ک نا، به‌ڵکو وه‌ک سیاسه‌تمه‌دار و بیروکراتێک قسان ئه‌که‌ن. له وه‌ڵامی پرسیاری که ئایه "بارودۆخی ته‌ندروستی" له کوردستان چۆن هه‌ڵئه‌سه‌نگێنێت، جه‌نابی وه‌زیر ئه‌ڵێت به به‌راورد له گه‌ڵ ناوه‌ڕاست و خواری عێراق "زۆر" باشه، به‌ڵام به به‌راورد له گه‌ڵ ئه‌مریکا و بریتانیا...هتد "زۆر" خراپه. پێم وانیه خوودی وه‌زیر خویشی قه‌ناعه‌تیان به‌و قسانه هه‌بێت و ته‌نانه‌ت لێشیان تێبگه‌ن! چونکه ئه‌و جۆره ده‌سته‌واژانه هیچ بنه‌مایه‌کی زانستیان نیه. زۆری و که‌می باشی یا خراپی به ژماره و داتا ده‌ستنیشان ئه‌کرێن، نه‌ک له ڕێی به‌کارهێنانی ووشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی سه‌رپێی و ناڕوونی وه‌ک زۆر و که‌م و باش و خراپ.
له لایه‌کی تره‌وه له سیاسه‌تی ته‌ندروستیدا، زانستێکی تایبه‌ت هه‌یه پێی ئه‌وترێت، سیسته‌می ته‌ندروستی به‌راوردکاری. گرنگترین بنه‌ماکانی ئه‌م زانسته به‌راورد کردنی سیسته‌مه لێکچووه‌کانه به یه‌کتری. واته به کورتی تۆ ناکرێت بێیت له خۆڕا به‌راوردی برتقاڵ له گه‌ڵ سێودا بکه‌یت، به‌ڵکو به‌راوردی برتقاڵ له گه‌ڵ برتقاڵ و سێویش له گه‌ڵ سێودا ئه‌کرێت. جه‌نابی وه‌زیر له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ داتایکمان پێ ناڵێن له سه‌ر ئه‌وه‌ی بۆچی ئه‌وان پێیان وایه سیسته‌مه ته‌ندروستێکه‌ی ئێمه له هه‌مان کاتدا "زۆر باش" و "زۆریش خراپه" ، دێن له گه‌ڵ ئه‌مریکا و بریتانیا خۆیان به‌راورد ئه‌که‌ن. ئه‌مه له کاتێکدا ئه‌مرێکایه‌کان خۆشێان پێیان باش نیه سیسته‌می ته‌ندروستی ئه‌مریکا له گه‌ڵ بریتانیا به‌راورد بکه‌ن، چونکه ئه‌و دوو وڵاته له ڕووی سیاسی و کومه‌ڵایه‌تی و ئابووریشدا جیاوازیان هه‌یه و زۆر قورسه که خاڵی هاوبه‌ش له نێوان سیسته‌مه ته‌ندروستێکانیان بدۆزرێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌راورد له نێوانیاندا بکرێت. ڕاسته له جیهاندا، هه‌ر ماوه‌ی جارێک وه‌ڵاته پێشکه‌وتووه‌کانی دنیا له ڕووی باشی سیسته‌مه‌کانیانه‌وه ڕیزبه‌ندی ئه‌کرێن، به‌ڵام دیسان ئه‌و کاره به پشت به‌ستن به ڕێژه به‌ده‌ستهاتووه‌کانی ئه‌و وه‌ڵاتانه ئه‌کرێت له‌و ده‌ستنیشانگه‌له‌ی له خواره‌وه ئاماژه‌ی پێئه‌ده‌ین. هه‌ر بۆ زانیاری به‌ڕێزیشیان، سیسته‌می ته‌ندروستی ئه‌مریکا له هه‌ندێ ده‌ستنیشانکه‌ردا به به‌راورد له گه‌ڵ سیستمه‌کانی ئه‌وروپا سیسته‌مێکی باش نیه و خراپه و لێره‌دا باش نیه جه‌نابیان سیسته‌می ته‌ندروستی ئه‌مریکا وه‌ک نموونه‌ی سیسته‌مێکی "باش" به‌کاربهێنێت. ئه‌گه‌ر پێیان باشه، ئه‌توانێت هه‌وڵێک بدات سیسته‌مه‌کی ئێمه وه‌ک ئه‌وه‌ی فه‌ره‌نسا لێبکات چونکه ئه‌مه‌ی دوایی له زۆربه‌ی ده‌ستنیشناکه‌رکاندا سه‌رکه‌وتوترین سیسته‌مه له جیهاندا . ئه‌وه‌ی که بوارمان پێبدات ئه‌و به‌راوردکاریه بکه‌ین دیسان هه‌بوونی داتا و ژماره‌یه له سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانه www.oecd.org
دیسانه‌وه، ڕاگه‌یاندنی ئه‌وه‌ی که بارودۆخی ته‌ندروستی هه‌رێم به به‌راورد له گه‌ڵ ناوه‌ڕاست و باشووری عێراقدا "باشه" هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی زانستی بۆ نه‌هێنراوه‌ته‌وه. ئه‌کرێت بزانین له چی ڕووێکه‌وه، بارودۆخی ته‌ندروستی هه‌رێمی کوردستان به به‌راورد له گه‌ڵ ناوچه‌کانی تری عێراق باشه؟. ڕه‌نگه ئه‌و ده‌ستنیشانکردنه ڕاست بێت، به‌ڵام به بێ هێنانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی بشتراست به داتا و ژماره، ئه‌و ئاماژه‌یه له قسه‌ی سه‌رپێی و سیاسیانه زیاتر ناکرێت مامه‌ڵه‌یه‌کی جیدی له گه‌ڵدا بکرێت. ئه‌وه‌ی له‌م دوایانه‌دا سه‌باره‌ت به ئاماده‌کارێکانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌نفله‌ونزای به‌راز بینرا، ئه‌و ده‌ستنیشانکردنه‌ی وه‌زیر پشت‌راست ناکاته‌وه. ده‌زگا ته‌ندروستێکانی هه‌رێم، ئێستاشی له گه‌ڵدا بێت، نموونه‌ی وه‌رگیراو له‌و نه‌خۆشانه‌ی که ڕه‌نگه په‌تاکه‌یان گرتبێت، ڕه‌وانه‌ی به‌غدا ئه‌که‌ن بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی که ئایا ڤایرۆسه‌که‌یان هه‌ڵگرتووه یاخود نا. ئه‌گه‌ر هه‌رێم و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له کارێکی ئاوه‌ها سه‌ره‌تایی وه‌ک ده‌ستنیشانکردنی نه‌خۆشی پشت به به‌غدا ببستن، ئه‌کرێت بزانین چۆن و له چی شتێکدا، هه‌رێمی کوردستان له ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق "باشتره".
ئه‌کرێت وه‌زیری به‌ڕێز بۆ ده‌ربازبوون له‌و ته‌مه‌م ومژییه‌ی ئه‌رگومێنتی باش و خراپ و زۆر و که‌مه‌دا، دوو کاری سه‌ره‌کی بکات. یه‌که‌م؛ جه‌نابیان له‌وه تێبگه‌ن که ده‌ستنیشانکه‌رگه‌لێکی دیاریکراو هه‌ن که باشی و خراپی سیسته‌می ته‌ندروسی پێ ئه‌ژمێردرێت. بۆ نموونه له هه‌موو جیهاندا، ڕێژه‌ی مردنی کۆڕپه‌ڵه و مردنی دایک له کاتی له دایکبوون و ته‌مه‌نی مه‌زه‌نه‌کراو له کاتی له دایک بوون و ژماره‌ی پزیشک به به‌راورد له گه‌ڵ ژماره‌ی دانیشتووان و ئاماده‌یی سیسته‌مه‌که بۆ به‌ده‌مداچوونی په‌یداویستێکانی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و به‌کارهێنانی ته‌کنلۆژیای زانیاری و هه‌بوونی داتا و ژماره و بودجه‌ی ته‌رخانکراوی شیاو بۆ که‌رتی ته‌ندروستی و ده‌ستنیشانکه‌ری تر به‌کار ئه‌هێنرێن بۆ زانینی باشی و خراپی سیسته‌می ته‌ندروستی و ئاستی ئه‌و خزمه‌تگوزاریه‌ی سیسته‌مه‌که فه‌راهه‌می ئه‌کات. ئه‌گه‌ر جه‌نابیان ئه‌و جۆره داتایانه‌یان هه‌یه ئه‌وا با خه‌ڵکیان لێ ئاگاداربکه‌نه‌وه و ئیتر پێویست به ده‌سته‌واژی ته‌مومژاوی ناکات. ئه‌گه‌ر نیه‌تی ئه‌وا دووه‌م کارێک که به‌ڕێزیان به سوپاسه‌وه ئه‌کرێ بیکه‌ن، دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌کی تایبه‌ته به کۆکردنه‌وه و به‌کارهێنان و هه‌ڵسه‌نگاندن و بڵاوکردنه‌وه‌ی داتای تایبه‌ت به‌و بوارانه بۆ ئه‌وه‌ی بۆ خوودی خۆیان وهه‌موو خه‌ڵک و پسپۆرانی بواره‌که و حکومه‌تیش ڕوون بێت که ئایا سیسته‌می ته‌ندروستی له کوردستاندا زۆر یا که‌م باش وه‌یا خراپه!
ئه‌کرێت جه‌نابی وه‌زیر و وه‌زاره‌ته‌که‌ی له‌م بواره‌دا، پشت به گۆڕانه خێرا و گرنگه‌کانی بواری ته‌کنه‌لۆژیا ببه‌ستن. ڕه‌نگه دوای تێپه‌ڕبوونی مانگێک به‌سه‌ر بوونیان به وه‌زیر، هه‌ستیان به‌وه کردبێت که ته‌نها له ژووری کۆمپیوته‌ردا ئه‌و ئامێره نامۆیه به وه‌زاره‌ته‌کیان هه‌یه، که له‌وێش ته‌نها بۆ چاپکردن به‌کارئه‌هێنرێت. پێم وایه ئێستا له کوردستاندا چه‌نه‌ها شاره‌زایی بواری کۆمپیوته‌رو کۆکردنه‌وه و به‌کارهێنانی داتا هه‌یه که ئه‌کرێت سوودیان لێوه‌ربگیرێت. له هه‌مان کاتدا، ئه‌کرێت، پێگه‌یه‌کی ئه‌لیکترۆنی و داتابه‌یسێکی سه‌ردمیانه‌ی ئاوه‌ها دروستبکرێت که ببێت به سه‌رچاوه‌ی ئه‌وانه‌ی تینووی داتا و ژماره‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له توێژینه‌وه زانستێکاندا به‌کاریان بهێنن.
هێوادارین جه‌نابی وه‌زیر له داهاتوودا تۆزیک وریاتر بن له به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه و ووشه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن و ده‌ڕبڕینی ڕای خۆیان له‌سه‌ر سیسته‌می ته‌ندروستی له کوردستاندا، وه پۆسته تازه‌کیان، بنه‌ما زانستی و ئه‌کادێمێکانیان پێ له بیر نه‌باته‌وه که هه‌موو که‌سێک به به‌نده‌شه‌وه شایه‌تی بۆ ئه‌ده‌ین له باشی و گه‌وره‌ی و سه‌رکه‌وتوویدا.
*ماسته‌ر له سیاسه‌تی ته‌ندروستی
goransbr@yahoo.com
Saturday, December 26, 2009
Subscribe to:
Posts (Atom)